سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەنراوێکی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکارانەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "کرێکاران بەشێک بوون لە سەرخستنی خەباتی گەل و لە بونیادنان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستانە ئازیزەکەشماندا دەستێکی باڵایان هەبووە".

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رۆژی جیهانیی کرێکاراندا رایگەیاند: لەم رۆژەدا بە گەرمی پیرۆزبایی لە کرێکارانی خۆشەویست دەکەم و دەستی ماندوبوونیان دەگوشم، وەکو هەمیشە بە رێزەوە لە رۆڵی گرنگ و بەشداری و ماندووبوونی کرێکارانی کوردستان دەڕوانم کە بەشێکبوون لە قوربانیدان و سەرخستنی خەباتی گەلەکەمان کە لە بونیادنان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستانە ئازیزەکەشماندا دەستێکی باڵایان هەبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆش و پشتگیریی هێنانەدی خواست و پاراستنی مافی کرێکارانە و کاردەکەین بۆ دەستەبەرکردنی یاسایەکی کاری سەردەمیانە، کە یەکسانی و دادپەروەری لە کارکردندا بپارێزێت و لە سایەیدا ژیانێکی شەرەفمەندانەتر بۆ کرێکاران دابینبکات".

سەرۆکی یەکێتی دەشڵێت: ئێمە باوەڕی تەواومان بە خەباتی پیشەیی کرێکاران هەیە و بۆ هەمیشە لەگەڵتان دەبم و پشتگیرێکی سەرەکیم بۆ داواکارییە رەواکانتان.

لە کۆتاییشدا ئەوەی خستووەتە روو، دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو کرێکارانەی لەپێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بوونە قوربانی و گیانیان لەدەستداوە، سەربەرزیش بۆ کەسوکارە بەڕێزەکانیان.