وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی موچەوە رونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە
محەمەد رزگار
٢٩ی نیسانی ٢٠٢٥
وەزارەتی دارایی هەرێم رەتیدەکاتەوە گۆڕانکاری لەلیستی موچەی فەرمانبەرانی بانکەکان کرابێت و دەڵێت؛ بۆ مانگی نیسان هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو داوای یەک موچە بۆ فەرمابەرانی بانکەکان کراوە.
بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان / وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بڵاویکردەوە، لە چەند پەیج و میدیایەک هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە ئاماژەیان بەوەکردووە وەزارەتی دارایی عێراق چەند تێبینییەکی لەسەر لیستی موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەبووە، یەکێک لە تێبینییەکان لەسەر موچەی بانکە حکومییەکان بووە بۆ مانگی نیسان کە گوایە داوای دوو موچە بۆ بانکەکان کراوە و لەناو لیستەکاندا ناوی دوو بانک لە بیر کراوە و دواتر چارەسەر کراوە .
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە پێویستمان زانی بۆ هەموو لایەکی ڕوون بکەینەوە ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە و بۆ مانگی نیسان هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو تەنها داوای یەک موچە بۆ فەرمانبەرانی بانکەکان کراوەو هیچ گۆڕانکارییەک لەلیستی موچەکانیان نەکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، داواکردنی دوو موچە بەپێی یاسا بۆ فەرمانبەری بانکەکان بۆ مانگەکانی نیسان و ئاب و کانونی یەکەم ئاساییە و ساڵانە هەر فەرمانبەرێکی بانک لە عیراق و هەرێمی کوردستان 15 مووچە وەردەگرن کە سێ موچەیان زێدەکییە.