قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و پێکەوە تاوتوێی دۆخی ناوخۆی هەرێم و گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆبەڕێوەچوو، باس لە دواین بەرەوپێشچوونەکانی دانووستانەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا. جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە دواکۆبوونەوەی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، قۆناغێکی نوێی گفتوگۆکان دەستی پێ کردوە و بەردەوامیش دەبین تا ئەو کاتەی دەگەینە رێککەوتنی کۆتایی.

قوباد تاڵەبانی جەختیشی کردەوە مەبەستیانە حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار پێکبهێنن و هیواشی خواست لە ماوەیەکی نزیکدا و بەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کابینەی نوێ پێکبهێنرێت.