قائیمقامییەتی سلێمانی هاوردەکردنی پیاز و شوتی قەدەغە دەکات و هاوردەکردنی هێلکەشی هەر بە قەدەغەکراوی هێشتەوە. 

ئەمڕۆ قائیمقامییەتی سلێمانی دوو کۆبوونەوەی ئەنجامدا و بڕیاریدا بەوەی، لە 1ی ئایارەوە هاوردەکردنی پیاز قەدەغە بێت و لە 15ی ئایاریشەوە رێگە نەدرێت شوتی هاوردە بکرێت.

لە راگەیەنراوێکدا قائیمقامییەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی زۆری بەرهەمی ناوخۆوە قەدەغەی هاوردەکردنی هێلکە بەردەوام دەبێت، هەر کاتێک نرخەکەی بەرزبووەوە، ئەوکات رێگە دەدرێت هاوردە بکرێت.

باسی لەوەشکردووە، رێگە بە هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو دەکرێت، بەڵام رێگە بە بردنە دەرەوەی نادرێت.

بڕیاریشدراوە، لیژنە هاوبەشەکان رێکاری پێویست دەگرنەبەر بۆئەوەی ئەندازیاری کشتوکاڵی راستەوخۆ لەسەر پرۆژە پەلەوەری و کشتوکاڵییەکان بێت و سەرپەرشتییان بکات.

لەبارەی رێکارەکانی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوونەوە لە راگەیەنراوەکەدا ئەوە هاتووە، بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتێنەری سلێمانی 26 تیمی پێکهێناوە و سەردانی گوندەکان دەکەن بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی و شوشتنەوەی ئاژەڵ.

هەروەها لیژنەکانی قائیمقامییەت راسپێردراون بەوەی زیاتر چاودێری گۆشتفرۆشەکان بکەن.