پێشبینی دەکرێت پارتی لیبراڵی کەنەدا بۆ چوارەمین جاری یەک لە دوای یەک لە هەڵبژاردنی فیدراڵی وڵاتەکەیدا سەرکەوتوو بێت. 

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، لیبراڵەکان، بە سەرکردایەتی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا مارک کارنی، کە دوای دەستلەکارکێشانەوەی جەستن ترۆدۆ لە سەرەتای ئەمساڵدا پۆستەکەی وەرگرت،  لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەیان بەدەستهێناوە.

مارک کارنی، بە ناوبانگە بە لێدوانە توندەکانی بەرانبەر دۆناڵد ترەمپ و وەستانەوەی لە بەرانبەر لێدوانەکانی لەسەر کەنەدا، کە باس لە لکاندنی دەکات بە ئەمریکاوە.

تا درەنگانی دوێنێ دووشەممە، پارتی لیبراڵ بە بەدەستهێنانی161 کورسی لە پەرلەمان لە پێشەوە بوو لە بەرامبەر 150 کورسی پارتی پارێزگاران. بەپێی یاسای هەڵبژاردن، بۆ بەدەست هێنانی زۆرینە، پارتێک پێویستی بە بردنەوەی 172 کورسی لە کۆی 343 کورسی پەرلەمان هەیە.