ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق پێشوازیکرد لە جێگرانی باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق رۆزی کەیف  بەبۆنەی کۆتاییهاتنی کارەکەیەوە و جێگری نوێی باڵیۆزی بەریتانیا رۆبن میلتن.

لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرپەرشتیاری مۆزەخانەی زاموا هەتاو ئیبراهیم ئەحمەد ئامادەی بوو، خانمی یەکەم ستایشی هەوڵەکانی رۆزی کەیڤی کرد لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پتەوکردنی هاریکارییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خاتوو رۆزی خواست لە ئەرکەکانی داهاتوویدا و سەردەمێکی پڕ لە دەستکەوت بۆ رۆبن میلتن .

 شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بە یاوەری دوو جێگری باڵیۆزی بەریتانیا بەبەشەکانی مۆزەخانەی زاموادا گەڕا و لەوێ هەتاو ئیبراهیم ئەحمەد باسی مێژووی دروستکردنی مۆزەخانەکەی کرد وەک ئەو ماڵەی کە سیاسەتمەدار و نووسەری کۆچکردوو ئیبراهیم ئەحمەد تێیدا ژیاوە و وێنە و بەرهەم و بەشدارییە بنیاتنەرەکانی بیری خوالێخۆشبوو و ئەو بیرەوەرییانەی کە دیوارەکانی هەڵیدەگرن کە قۆناغە گرنگەکانی ژیاننامەکەی پڕ لە ئەدەب و بیرو تێکۆشان لە دژی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکاندا بەرجەستە دەکات.

خانمی یەکەم شاناز ئیبراهیم بەیاوەری خاتوو رۆزی سەردانی ژمارەیەک بازاڕی له ناوەڕاستی شاری سلێمانی کرد.