رێنمایی نوێی تۆمارکردنی تاکسی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە
محەمەد رزگار
٢٨ی نیسانی ٢٠٢٥
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێنمایی نوێی تۆمارکردنی تاکسی دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و رایدەگەیەنێت؛ ئۆتۆمبیلی هایبرید و ئۆتۆمبیلی تەواو کارەبایی (EV) مافی تۆمارکردنیان وەک تاکسی دەبێت.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، رێنماییی ژمارە (3)ی ساڵی 2025ی تۆمارکردنی تاکسی نوێ دەچێتە بواری جێبەجێکردن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ لە هەنگاوێکی نوێدا وەزارەتی ناوخۆ بە ئامانجی نوێکردنەوەی تاکسی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ژینگە و باشترکردنی خزمەتگوزاریی سەرنشینەکان و جێبەجێکردنی ستانداردی تەکنیکیی نوێ، دەرگای تۆمارکردنی تاکسی نوێ، دوای چەندین ساڵ وەستان، دەکاتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاشکراشیکردووە، بەپێی رێنماییە نوێیەکە، تەنها ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە ستانداردە تایبەتەکانی ژینگەیی و تەکنیکییان تێدایە، هەروەها بەشێوەی یاسایی و رەسمی هێندراونەتە هەرێمی کوردستان، مافی تۆمارکردنیان وەکوو تاکسی دەبێت.
سەبارەت بە جۆری ئەو تۆمبێلانەی وەک تاکسی تۆماردەکرێن رایگەیاندووە، ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە تەنها بە بەنزین کاردەکەن، ئەو ئۆتۆمبیلانەی لە بنەڕەتدا تەنها بە غازی شل (LPG) کاردەکەن، هەروەها ئۆتۆمبیلی هایبرید و ئۆتۆمبیلی تەواو کارەبایی (EV) ، ئاسانکاریی تۆمارکردنیان وەکوو تاکسی بێ ڕسومات بۆ کراوە، وەکوو هاندان بۆ ئۆتۆمبیلی کەمخەرجی و ژینگەدۆست.
جێگەی ئاماژەیەوە بەگوێرەی ئەو رێنماییە هیچ ژمارەیەکی تاکسی لەسەر ئاستی کوردستان زیاد نابێت، بەڵکو ئەو تاکسییانەی هەن خاوەنەکانیان دەتوانن سود لە تابلۆکانیان وەربگرن بۆ تاکسی مۆدێل نوێ (کە ژمارە کاتی بن یان ئۆتۆمبیلی دوایین سێ مۆدێل تۆمارکراو بن) و تاکسییە کۆنەکانیش بکرێنەوە ئۆتۆمبیلی تایبەت و تابلۆی تایبەتیان بێ خەرجیی دارایی پێ دەدرێت.
هەربەپێی رێنماییە نوێیەکە، رەنگی تاکسی نوێ هەمان ڕەنگی تاکسی کوردستان بە کۆدی (4Q0) دەبێت، هەروەها بۆ ئۆتۆمبیلی هایبرد و تەواوکارەبایی، 74 جۆر و بۆ ئۆتۆمبیلی بەنزین 89 جۆر وەکوو پاشکۆ دیارکراون کە رێگەپێدراون بگۆڕدرێن بۆ تاکسی.