بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی هەڵمەتێکی سەوزکردن و پاراستنی شاخی گۆیژە دەستپێدەکات
محەمەد رزگار
٢٨ی نیسانی ٢٠٢٥
بەچاودێری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەنگاوی پێویست بۆ بەردەوامیدان بە سەوزکردن و پاراستنی شاخی گۆیژە لەمەترسی ئاگرکەوتنەوە دەگیرێتەبەر.
لەمیانی کۆبوونەوەیەکی فراواندا بەئامادەبوونی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگار و ئاوات محمد قایمقامی سلێمانی و بەشێک لەبەڕێوەبەرانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و رێکخراوەکان و کۆمپانیاکانی بەشدار لەکەمپینی سەوزکردنی شاخی گۆیژە، رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت CDO پلانێکی تۆکمەی پێشکەشی نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کرد کەتایبەتە بەپاراستنی دارستانەکانی گۆیژە لەمەترسی ئاگرکەوتنەوە و بەردەوامیدان بە سەوز کردنی.
پلانەکەی رێکخراوی CDO راسپاردەی پێویست و گرنگی لەخۆ گرتووە تا فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بیگرنەبەر بۆ پاراستنی دارستانەکان و کەمکردنەوەی زیانەکانی لەئەگەری کەوتنەوەی ئاگردا بۆ کەمترین ئاست.
بەگوێرەی پلانەکە بۆردی پەیوەندییەکان پێکدێت بەبەشداری هەموو فەرمانگەکان بۆ بڕیاردان لەبارەی میکانیزمی پاراستنی بناری گۆیژە، سەرباری راهێنان و بەهێزکردن و بونیادنانی توانای ئەو تیمانەی ئامادەکاری دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەر روداوێکی ئاگرکەوتنەوە بەمەبەستی پاراستنی شاخی گۆیژە.
ئەمە و هەوڵەکان بۆ سەوزکردن و خزمەتکردنی ئەو روبەرانە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بەردەوامی هەیە کە لەساڵانی رابردوودا لەگۆیژە نەمامیان چاندووە بەتایبەت لەرووی نوێکردنەوەی هێڵی ئاگربڕ و ئاودانەوە.





