لە سنوری پارێزگای دهۆک سێ پێشمەرگە بەهۆی فرۆکەی بێفرۆکەوانی بۆمبرێژکراو برینداربوون
لاوان
٢٨ی نیسانی ٢٠٢٥
ئەو خاڵە سەربازیەی پێشمەرگە کە بۆدومان کرا
لە گردی داڤای سنوری قەزای ئامێدی، فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو، بە خاڵێكی سەربازی هێزەكانی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە برینداربوون.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە ئامێدی رایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە گردی داڤای بەرانبەر گوندی بەلاڤا لە ئامێدی، فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو بە خاڵێكی سەربازی هێزەكانی پێشمەرگە تەقییەوەتەوە و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە برینداربوون.
ئەوەشی خستووەتەڕو، ئەو خاڵە سەربازییەی هێزەكانی پێشمەرگە فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكەی پێدا تەقیوەتەوە دوێنێ دروستكراوە و بەر لە تەقینەوەی فڕۆكەكەش، لەلایەن پێشمەرگەكانی ناو خاڵە سەربازییەكەوە تەقە لە فڕۆكەكە كراوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز راشیگەیاند، سەرجەم پێشمەرگە بریندارەكان گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ئامێدی و رەوشی تەندروستییان جێگیرە، وتیشی،تاكو ئێستا سەرچاوەی ئەو فڕۆكە بێ فڕۆكەوانە نەزانراوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، تائێستا هیچ لایەنێكی پەیوەندیداری ئەمنی لەو سنوورە لێدوانی رەسمی لەسەر رووداوەكە بڵاونەكردووەتەوە.
نوێدەکرێتەوە...