دکتۆر لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پێشوازیکرد لە دکتۆر مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمان و لە میانی دیدارەکەدا کە لە بەغداد بەڕێوەچوو ، بارودۆخی سیاسی و ئەمنی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی تاوتوێ کرا، هەروەها باس لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان کرا. 

لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی تەواوکردنی ئامادەکاری و رێکارە پێویستەکان بۆ زامنکردنی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان و هێنانەدی ویستی گەلی عیراق بۆ سەقامگیری و گەشەسەندن.

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە بەهێزکردنی هاریکاری نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران و بەدواداچوون بۆ رەشنووسی ئەو یاسایانەی کە لە لایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە پێشکەشکراوە بۆ وتووێژ و پەسەندکردن بەشێوەیەک کە مافی هەموو هاووڵاتییان بپارێزێت.

سەرۆک کۆمار ستایشی پەسەندکردنی یاسای بە پارێزگابونی هەڵەبجەی کرد لەلایەن پەرلەمانەوە و بە هەنگاوێکی مێژوویی وەسفکرد  بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و رێزلێنان لە خوێنی ئەو شەهیدانەی کە لە قێزەونترین تاوانی مێژووی هاوچەرخ رژاوە .

لای خۆیەوە سەرۆکی پەرلەمانی عیراق سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ هەوڵەکانی لەپای چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی لە وڵات و پابەندبوونی بە پاراستنی مافەکانی گەلی عیراق. هاوکات پابەندبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عیراق و گەلەکەی بکات.