خالید بەتل ئەلنەجم وەزیری پیشەسازی عیراق رایگەیاند، کە قورسە بتوانن بە بەرهەمی ناوخۆ کێبڕکێی کاڵا هاوردەکراوەکانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت چین بکەن، هۆکارەکەشی بۆ بەرزی تێچوی بەرهەم هێنان گەڕاندەوە لە عیراق.

وەزیری پیشەسازی لە پەراوێزی کۆنفرانسی "هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت"کە لە بەغدا بەڕێوەچو، رایگەیاند: ئێمە لە لایەن ئەو وڵاتانەوە دەورە دراوین کە بەدەست کێشەی ئابورییەوە دەناڵێنن. جەختیشی لەوە کردەوە "زۆربەی بەرهەمە هاوردەکراوەکانی عیراق لە ئێران و تورکیا و چینەوە دێن".

ئاماژەی بەوەشکرد، "تمەنی ئێرانی داڕماوە، تێچوی بەرهەمهێنان لەوێ زۆر کەمترە لە عیراق. بۆ نموونە تێچووی وزەی کارپێکردنی بەڕێوەبردنی هەر پڕۆژەیەکی پیشەسازی لەو وڵاتەدا نزیکەی لەسەدا 30ـی تێچوی بەرهەمهێنانە".

خالید بەتل ئەلنەجم، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو گەمارۆ ئابورییەی بەسەر ئێراندا سەپێنراوە بووەتە هۆی دابەزینی تێچوی بەرهەمهێنان، هاوشێوەی دۆخی عیراق لە کاتی گەمارۆکەدا لە ساڵانی نەوەدەکاندا. هەروەها تورکیا شاهیدی دابەزینی دراوی ناوخۆیی خۆیەتی، سوریاش دەچێتە پاڵ ئەم دوو وڵاتە ئەگەر بارودۆخی ئەوێ سەقامگیر بێت، ئێمەش دەگەڕێینەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، و بەرهەمی سوریاش دێتەوە ناو بازاڕی عیراقەوە.

وەزیری پیشەسازی عیراق لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "کێبڕکێکە لە بەرزی تێچووی کارکردن لە عیراقەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمە جگە لە جیاوازی دراوەکانمان بەراورد بە دۆلاری ئەمریکی".