نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری سوریا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جەختی کردەوە کە پێویستە کۆتایی بە سزاکانی سەر ئەو وڵاتە بهێنرێت و وتیشی؛ دەبێت رێز لە پێکهاتە جیاوازەکانی ناو سوریا بگیرێت.
لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەچوو، گەیر پێدەرسن، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری سوریا وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە تێکەڵکردنی ناوچەی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ تەواوی سوریا دەبێتە هۆی سەقامگیریی ئەو وڵاتە.
پیدەرسن بە پێویستی زانی ئیسرائیل رێز لە یەکگرتوویی خاکی سوریا و سەروەرییەکەی بگرێت و داوای کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاوی کردەیی بۆ ئەم مەبەستە هەڵبگرێت.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان بارودۆخی ئابوری سوریای بە "زۆر خراپ" ناوبرد و داوای کرد سزا سەپێنراوەکانی سەر ئەو وڵاتە کۆتاییان پێ بهێنرێت و هەڵبوەشێنرێنەوە لە پێناو خەڵکی مەدەنی.
پیدەرسن ئاماژەی بەوەش کرد کە نەتەوە یەکگرتوەکان هاوکاریی سورییەکان دەکات بۆ ئەوەی دیالۆگی سوری - سوری سەرکەوتو بێت و پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی دەکات.
هەروەها داوای لە دەسەڵاتدارانی سوریا کرد ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە بارەی روداوەکانی کەناراوەکانی رۆژئاوا و سزادانی ئەنجامدەرانی ئاشکرا بکەن و چارەسەری چەکدارانی بیانی بکەن لەناو سوریا، لە پێناو چەسپاندنی دادپەروەری.
هاوکات، رەخنەیگرت لە کەمی ژن لە حکومەتەکەی ئەحمەد شەرعدا و وتی: تەنیا یەک ژن لە حکومەتی نوێی سوریادا هەیە.
لە کۆتاییدا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان زۆر بە پێویستی زانی کار بکرێت بۆ تێکەڵکردنی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ تەواوی وڵاتەکە و جەختی کردەوە کە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان دەسەڵاتدارانی سوریا و کورد لەو وڵاتە ئەرێنی و هاندەرن، ئەمەش هیوای بووژانەوە بەوڵاتەکە دەبەخشێت.