باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە سوریا، لە راگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی لە گەلی کورد کرد لە سوریا.

لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025 بڵاوکرایەوە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە سوریا "گەرمترین پیرۆزبایی" لە کوردەکانی ئەو وڵاتە دەکات بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەروەکوو چۆن کاوە ئاگری نەورۆزی هەڵکرد و رۆژێکی نوێی راگەیاند، هیوادارین ساڵی نوێ پڕ بێت لە روناکی و درەوشانەوە و ئومێد و بەهار".

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا هیوای خواستووە کە ساڵی نوێی کوردی ببێتە "مایەی ئاشتی، تەندروستی و پێشکەوتن" بۆ کوردەکانی سوریا.

نەورۆز، کە جەژنی سەری ساڵی کوردییە، یەکێکە لە گرنگترین بۆنە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و لە زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان بە شێوەیەکی فەرمی یادی دەکرێتەوە.