جلوبەرگ بەشێکە لە مێژوو و ناسنامەی کلتووریی هەر نەتەوەیەک، جلی کوردیش یەکێکە لەو جلوبەرگانەی مێژوویەکی کۆنی هەیە و حکومەتی هەرێم رۆژی 10ی ئازاری هەموو ساڵێکی وەک رۆژی جلی میللی نەتەوەیی لە هەرێم ناساندووە.

ساڵانە 10ی ئازار، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگەکاندا بۆ بەرزراگرتنی ئەو رۆژە دەوامکردن بە جلی کوردییەوە دەبێت و لە ناوەندەکانی خوێندندا چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت. پێکهاتەکانی دیکەی کوردستانیش دەتوانن جلوبەرگی میللی خۆیان بپۆشن.

ئەگەرچی ئەمساڵ رۆژی جلی کوردی بەر مانگی رەمەزان کەوتووە و بەشێکی زۆری هاووڵاتیان بەرۆژوون، بەڵام لە بەشێکی زۆری ناوەندەکاندا بەو جلە نەتەوەییەوە دەوام دەکرێت.

 

مێژووی جلی کوردی

جلی کوردی یەکێکە لەو جلوبەرگانەی مێژوویەکی دێرینی هەیە و مۆرکی خۆی بەسەر سەرجەم ئەو ناوچانەدا جێهێشتووە کە لە رابردوودا لەژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەواییە جیاوازە کوردییەکاندا بوون و رۆچووەتە ناو کلتووریانەوە، بەتایبەتیش کوردستانی گەورە و ئەو شوێنان و نەتەوانەی لە دەوروبەری نەخشەی کوردستانی گەورەدان.

دواتریش بەهۆی مامەڵەی بازرگانی و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕی فەرمانڕەوایەتییەکان یانیش داگیرکاریی سەر ناوچە کوردییەکان، جلوبەرگی کوردی چووەتە ناو کلتووریی چەندین ناوچەی دیکەی دوور لە خاکی خۆی.

بەوپێیەی هەڵکەوتەی جوگرافی کوردستان و سروشتەکەی سەرجەم وەرزەکانی بە روونی تێدا دیارە، جلوبەرگی کوردی لە سەرجەم وەرزەکاندا پارچەی تایبەت بە خۆی هەیە، کە هەم لە سەرمای سەختی شاخەکان پاراستوویەتی، هەم لە گەرمای ناوچە گەرمیانییەکان فێنکی پێداون.

ئەوە جگە لەوەی جلوبەرگی کوردی هەر لە کۆنەوە لەگەڵ سەرجەم وەرزەکانداخۆی گونجاندووە، تێکەڵاوی لە رەنگەکانیدا هەبووە و چ پیاوان چ ژنان هەر لە سەرەتاوە گرنگیان بە رازاندنەوەی خۆیان داوا، کە زۆرێک لە مێژوونووسە جیهانییەکان ئاماژەیان بە رەنگاورەنگی جلی کوردی داوە.

 

جلی کوردی بەپێی ناوچەکان، پارچەکانی و جۆری قوماشەکەی و شێوەی و لەبەرکردنی دەگۆڕێت، کە ئەوەش رەنگدانەوەی فراوانی کلتووریی و جوگرافیا و هەڵکەوتەی سروشتی ناوچەکەیەتی. کە هەر پارچەیە و بۆ مەبەستێکی دیاریکراو و لەکاتێک و وەرزێکدا دەپۆشرێت.

 

سترابۆ'ی مێژووناس و جوگرافیاناس و فەیلەسوفی یۆنانی کە لە سەدەی یەکەمی پێش زاییندا ئاسیای بچووک ژیاوە، باس لە مێژووی جلی کوردی دەکات و کاریگەریی شێوە و پارچەکانی جلی کوردی بەسەر کلتووری جلوبەرگی ناوچەکانی دیکەوە باس کردووە، کە لە ناویاندا کاریگەریی جلی کوردی بەسەر جلوبەرگی فارسەکانەوە گەڕاندووەتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ بەر لە ئێستا.

لەو بارەیەوە سۆران حەمەڕەش نووسەر و مێژوونووسی کورد باسی لەوە کردووە، "سترابۆ دوو هەزار ساڵ بەر لە ئێستا ئاماژەی بە پەیوەندی نێوان جلی کورد/میدی و فارسەکان کردووە و دەڵێت: ئەوەی کەپێی دەگووترێت تیربازی و ئەسپسواری و دابونەریتی پادشایی و جلوبەرگیان و دابونەریتی ئایینی لەگەڵ خودا و مامەڵەکردنی رەعیەت لەگەڵ میراندا، فارسەکان لە مید(کورد) یان وەرگرتووە، ئەو راستیە بەتایبەت لە جلوبەرگیاندا دەردەکەوێت. کڵاو و جلی سەرەوە (چۆغە)ی قۆڵدرێژ کە دەگاتە لای دەست و شەرواڵ، کە بۆ کەشوهەوای سارد و شوێنەکانی باکوری وەک خاکی میدەکان (کوردەکان) گونجاون و بۆ ئەوە نەکراون کە خەڵکی باشوور لەبەریان بکەن، کەچی فارسەکان لەوانیان وەرگرتووە و لەبەری دەکەن. فارسەکان شوینی نیشتەجێی سەرەکیان لەسەر کەنداوە کە دەکەوێتە خواروو بابلیشەوە".