بەریتانیا هەڵمەتێكی بۆ ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتیانی هەرێم بۆ رێگریی لە كۆچ دەستپێكرد
٤ی ئازاری ٢٠٢٥
بەریتانیا كەمپینێكی دیجیتاڵی لە هەرێمی كوردستان بۆ هۆشیاری لەبارەی كۆچنەكردن بۆ ئەو وڵاتە و هۆشداریدان بە قەچاخچییەكان راگەیاند.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڵاویكردەوە، هەڵمەتێكی دیجیتاڵییان لە رێی رێكلامەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتی و ماڵپەڕەكان دەسپێكردووە بۆ ئەوە هاووڵاتیانی هەرێم ئاگادار بكەنەوە لە فێڵ و بەڵێنی پوچەڵی قاچاخچییەكان.
ئەنجێڵا ئیگڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ئاماژەی بەوە كردووە، لە درێژەی كەمپەینە نێودەوڵەتییەكانیاندا ئەمجارە هەرێمی كوردستانیان بە ئامانج گرتووە و دەیانەوێت پەڕینەوەی بەلەمی بچووك لە نۆكەندی ئینگلیز كەمبكەنەوە.
وتیشی چەندان باندی تاوانكاریی، درۆی مەترسیدار لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكەنەوە و بێبەزەییانە خەڵك بۆ پارە دەچەوسێننەوە، بۆیە لەڕێی چیرۆكی قوربانییەكانەوە راستی بابەتەكە دەخەنەڕوو.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، تەنها رۆژی یەكشەممە 592 كۆچبەر بە 11 بەلەمی بچووك نۆكەندی ئینگلیزیان بڕیوە و لە فەرەنساوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.