سەرۆک بافڵ بەبۆنەی سی و چوارهەمین ساڵیادی راپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبای ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکان دەکات و دەڵێت: یەکێتی وەک ئەندازیاری راپەڕین، لەبەردەم قوربانیدان و خوێنی شەهیدان و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی وەک رابردوو بەردەوام دەبێت

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ......

بەبۆنەی سی و چوارهەمین ساڵیادی راپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستان، لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم دەکەم لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکان و تێکۆشەرەکانی رێگای خەباتی کوردایەتی و شۆڕشی نوێ و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

راپەڕین کە لە رانیەی سەربەرزەوە ئاگری بڵێسەی سەند، خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قارەمانێتیی رێکخستنەکان و شانەچەکدار و پارتیزانەکانی شۆڕشی نوێ و دواتر یەکگرتوویی هێزە کوردییەکان لە بەرەی کوردستانیدا، ئەمەش سەلماندی کە زوڵم و ستەم و نادادی هەرگیز ناتوانێت دەنگ و ئیرادەی گەلەکەمان کپ بکات.

ئەمڕۆ دوای زیاتر لە سێ دەیە بەرپرسیارێتیی هەموومانە کە هەوڵەکانمان یەکبخەین لەپێناو پتەوکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەیی و بنیادنانەوەی متمانە تاوەکو روومان لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و دادپەروەر بێت و بە ئیرادە و ئیدارەیەکی نوێوە کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەین و خزمەتی زیاتری خەڵکە خۆشەویستەکەمان بکەین و پێکەوە کار بۆ پاراستنی ئامانجە باڵاکانمان بکەین.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک ئەندازیاری راپەڕین، لەبەردەم قوربانیدان و خوێنی شەهیدان و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی وەک رابردوو بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن لە هێنانەدی مافەکانی گەلەکەمان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان.

سڵاو و درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی گەلەکەمان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان