سەعدی ئەحمەد پیرە: یەکێتی و پارتی زۆربەی ئاڵەنگارییەکانیان تێپەڕاندووە
محەمەد رزگار
٣ی ئازاری ٢٠٢٥
وتەبێژی یەکێتی رایدەگەیەنێت: لە دانوستانەکاندا یەکێتی و پارتی لێکنزیکبوونەوەی باش هەیە لەنێوانیان و پێویستە حکومەتێکی کارا و چالاک پێکبهێنێرێت بۆ رووبەرووبونەوەی ئاڵەنگارییەکان.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لەبەرنامەی پانۆرامای کوردسات نیوز رایگەیاند: لێک نزیکبوونەوەیەکی باش لەنێوان یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و پارتی هەیە و بەئومێدین بە زووترین کات حکومەتێکی چالاک و کارا پێکبهێنین.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتیشی: بۆ چوار ساڵی داهاتوو پێویستمان بە پەرلەمان و حکومەتێکی بەهێز هەیە، دەشڵێت: خەڵک چاوەڕێی رێککەوتنێکی تەندروست لەنێوان یەکێتی و پارتی دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە پرسی حکومڕانی لەهەرێم هیچ لایەنێک پەراوێز ناخرێت، دەرگای گفتوگۆش بەرووی هەموو لایەنەکاندا کراوەیە.