سەرچاوەیەك لە دارایی عیراق: هێشتا وردبینی لە لیستی موچەی هەرێم تەواو نەبووە
٣ی ئازاری ٢٠٢٥
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، هێشتا وردبینی لە لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەكرێت و پێدەچێت لە دوو رۆژی داهاتووشدا موچە نەیەت.
ئەو سەرچاوەیە بە كوردسات نیوزی وت، وەفدێكی وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەغدادن و لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق لەبارەی موچەوە كۆبوونەتەوە، بەڵام پێناچێت لە دوو رۆژی داهاتووشدا موچەی هەرێم رەوانە بكرێت.
پێنج رۆژ لەمەوبەریش، وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاندبوو، لیستی موچەی مانگی شوباتی موچەخۆرانی هەرێم رەوانەی بەغداد كراوە.
رۆژی پێنجی شوباتی رابردووش، موچەی مانگی كانونی دووەمی موچەخۆرانی هەرێم دابەشكرا و بە چوار رۆژ كۆتاییهات.