پۆلیسی سلێمانی: بە تۆمەتی كوشتنی هاووڵاتییەك تۆمەتبارێك دەستگیركرا
دیلان
٣ی ئازاری ٢٠٢٥
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، بە تۆمەتی كوشتنی هاووڵاتیەك، تۆمەتبارێك لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە دەستگیركرا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، شەوی رابردوو لە گەڕەكی سەرچنار لە شاری سلێمانی لە روداوێكدا هاووڵاتییەك بە گولـلە كوژرا و تۆمەتبار هەڵات.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستبەجێ هێزەكانیان گەیشتنە شوێنی روداوەكە و لێكۆڵینەوە بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد، سەرەنجام توانرا لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە لەماوەی كەمتر لە هەشت سەعاتدا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت.
پۆلیسی سلێمانی ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا تۆمەتبار کە لەدایكبووی 1972 بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و دانی ناوە بە تاوانەكەیدا.