هاتوچۆی هەرێم: سیستمی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێم گۆڕدرا
هەساو ئەمیر
٣ی ئازاری ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سیستمی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری گۆڕدراوە و پێنج خاڵی بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری خستووەتە روو.
هاتوچۆی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، جێبەجێکردنی ئەو سیستمە نوێیە بۆ ئەوەیە شۆفێران زیاتر هۆشیار بن و سەرجەم سێکتەرە گرنگەکانی شۆفێریکردن بزانن و جێبەجێی بکەن.
دەقی رێنماییەکانی هاتوچۆی هەرێم:
1.نۆرەی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری جۆرەكانی (A B C1) كە چوونەتە پڕۆسەی تاقیكردنەوەی تیۆری و پراكتیكی هەر بە سیستەمی بەركاری پێش دەرچوونی ئەو بڕیارە مۆڵەت دەردەهێنن.
2.هەر نۆرەیەك كە نەچووبێتە پڕۆسەی كرداری و هەموو نۆرە گرتنێكی نوێ بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری گشت جۆرەكانی(A B C D T) بە سیستمی نوێ جێبەجێ دەكرێت.
3.دەكرێت خاوەنی مۆڵەتی جۆری (B) ئۆتۆمبێلێک لێبخورێت، كە كۆی گشتی (ئۆتۆمبێل و سەرنشین و بارەكەی) لە (3.5) سێ تۆن و نیو زیاتر نەبێت کە جۆرەكانی پیك ئاپ و ئۆتۆمبیلی دوو تەنیش دەگرێتەوە. هەروەها دەكرێت ئامێرەكانی بیناسازی و كشتوكاڵیش لێبخورێت بە مەرجێك كێشی لە (3.5) سێ تۆن و نیو زیاتر نەبێت. پێویستە خێرایی ئامێری بیناسازی لە (60)كم لە كاتژمێرێكدا زیاتر نەبێت و ئامێری كشتوكاڵی خێرایی لە (40)كم زیاتر نەبێت.
4.وانەکانی تیۆری (21) سەعات وانەکان دەخوێنن، دابەشیدەکەن و رۆژانە 3 سەعات وانەدەخوێنن و بە هەفتەیەک تەواو دەبێت.
5.وانەکانی پراکتیکی (12) کاتژمێر بە کرداری لەگەڵ راهێنەر شۆفێری دەکەن پاشان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ لە بەشی مۆڵەت شۆفێری تاقی کردنەوەکانی تیۆری ئەنجام دەدەن.