قوباد تاڵەبانی دوای کۆبوونەوەی یەکێتی لەگەڵ وەفدی ئیمڕاڵی رایگەیاند، لەبەر رۆشنایی رێبازی مام جەلال یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روانگەیەکی روون و چەسپاوی بۆ چارەسەری پرسی کورد هەیە.

قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال رایگەیاندووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبەر رۆشنایی رێبازی سەرۆک مام جەلال روانگەیەکی روون و چەسپاوی هەیە بۆ چۆنییەتی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، وەک هەمیشە بە هەموو توانایەوە پشتگیری لە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد دەکات و لەم چوارچێوەیەدا هەر ئەرکێکی نەتەوەیی بکەوێتە سەرشانی بە شانازییەوە جێبەجێی دەکات.

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستووەتە روو، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەفدی ئیمراڵی بە سەرۆکایەتی پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئوندەر، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پابەندیی یەکێتی بە سیاسەت و روانگەی سەرۆک مام جەلالیان بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە تورکیا دووپات کردەوە و ئامادەیی یەکێتیان دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەک لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد لە تورکیا.

ئەمڕۆ وەفدی ئیمڕاڵی لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ هەرێم لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کۆبووەوە و سەردانی مەزاری مام جەلالیشیان کرد، پەروین بوڵدانی ئەندامی وەفدەکە لە یاداشتی مەزاری مامدا نووسی، "عەبدوڵا ئۆجەلان رایسپاردین بە کورەکانی مام جەلال بڵێن، پەیوەندییەکی زۆر بەهێزم لەگەڵ مام جەلال هەبوو، ئێمەش شانازی دەکەین کە هەڵگری ئەم نامەیەین".

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای ١٠ ساڵ لە رێگریی دەسەڵاتدارانی توركیا، رۆژی ٢٨ی ١٢ی ساڵی رابردوو، رێگە درا وەفدێكی پەرلەمانتارانی پارتی یەكسانی و دیموكراسی 'دەم پارتی' بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بچنە دوورگەی ئیمڕاڵی و لەگەڵیدا کۆببنەوە، کە کۆبوونەوەکەش سێ سەعاتی خایاند دوابەدوای ئەوەش جارێكی دیکە لە مانگی یەکی ئەمساڵدا سەردانی ئیمڕاڵییان کردەوە و لەگەڵ لایەنەکانی تورکیاشدا کۆبوونەوەیان ئەنجامدا و پەیامی ئۆجەلانیان پێگەیاندن.