مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: مورافەعەکەی مام جەلال بووە هۆی رەگی ماددەی 58ی ئیدارەی دەوڵەت و ماددەی 140
هەساو ئەمیر
٩ی شوباتی ٢٠٢٥
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی راگەیەنراوێکی لەبارەی یادی مورافەعە گەورەکەی مام جەلالەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، مورافەعەکەی مام جەلال بووە هۆی رەگی ماددەی 58ی ئیدارەی دەوڵەت و ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عیراق.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایەگیاندووە، رۆژی 9ی شوباتی 2004 سەرۆک مام جەلال لەو کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی حوکم کە لەرێگەی چەند فاکت و بەڵگەی مێژوویی و چەند نەخشەیەکی سەردەمە جیاجیاکان لەوانە نەخشەیەکی عوسمانی تایبەت بە راستییە مێژوویی، جوگرافی و سیاسییەکان کوردستانیبوونی کەرکوکی خستە ڕوو، تاوەکو هیچ بیانوویەک نەمێنێت بۆ درێژەدان بە سیاسەتە چەوتەکانی حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عیراق و دەستەبژێری تازەی عیراقی نوێش دەرس و پەند لەو رابردووە تاڵە وەربگرن.
ئەوەشی خستووەتە روو، سەرۆک مام جەلال ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی لەوپێناوەدا بوو کە شێواز و مۆرکێکی قانونی ببەخشێت بە پرسی سەندنەوەی ماف بۆ خاوەنەکانیان، بە پێسەلماندن و بە رێککەوتنی هەمووان ئەو گرێ کوێرەیە بکرێتەوە. بۆیە رۆژی 9ی شوبات بووە مێژوییەکی پرشنگدار لە خەبات و ماندووبونی سەرۆک مام جەلال و یەکێتییەکەی و تەواوی هێزە سیاسییەکان و گەلی کوردستانیش.
لە راگەیەنراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیشدا هاتووە، هەر ئەو مورافەعەیە بووە ماک و رەگی ماددەی ٥۸ی قانونی ئیدارەی دەوڵەت و دواتریش مادەی ۱٤٠ی دەستووری هەمیشەیی کە تایبەت کرا بۆ یەکلاییکردنەوەی ناسنامەی ئەو ناوچانەی رژێمی بەعس بۆ مەرامی شۆڤێنی و تایفەگەری خۆی روخسار و دیمۆگرافیای شێواندبوون، کە جگە لە کەرکوک چەندین ناوچەی ناوەڕاست و باشووری عیراقیشی گرتبووەوە.
ئەوەش خراوەتە روو، ئەمڕۆ کە 20 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەو رۆژە گرنگەی سەرۆك مام جەلال کوردستانیبوونی کەرکوكی بۆ سەرکردەکانی عێراق و جیهان سەلماندەوە، لە هەرکات زیاتر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێداگری لەسەر جۆشدانەوەی ئەو خەباتە دەکات بە تایبەتی پاش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و بە دەستهێنانی زۆرترین رێژەی دەنگەکان و وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، ئەوەش ئاماژەیەکە هەم جەماوەری گەلەکەمان لەو ناوچانە، هەم یەکێتییە تێکۆشەرەکەیان درێژە بە رێبازە راست و رەواکەی سەرۆك مام جەلالی مەزن دەدەن بۆ مامڵەکردنێکی حەکیمانەی وەها کە هەم خاوەندارێتی کوردستان بۆ ئەم شارە بگەڕێنرێتەوە و هەم پێکهاتە و نەتەوەکانی تریش هەست بە ئارامی وئۆقرەیی بکەن، کە هەڵبەت ئەمانەش درێژەپێدانی سیاسەتی راست و دروستی سەرۆک مام جەلال و دەسکەوتێکی موڕافەعە مەزنەکەیەتی.