21 ساڵ بەسەر هەنگاوە گەورەكەی سەرۆك مام جەلال بۆ سەلماندنی كوردستانیبونی كەركوك و چەند ناوچەیەكلی دیكەدا تێدەپەڕێت ئەو بە بەڵگەنامە مێژوییی و نێودەوڵەتییەكان سەلماندنی كە سنووری كوردستان لە كوێیوە دەست پێدەكات و كوردیش مافی خۆیەتی كە خۆی بە خاوەنی ئەو ناوچانە بزانێت.

سەرۆك مام جەلال لە چاوپێكەوتنێكدا دەڵێت كە عێراق و بەریتانیا لەرابردوودا دانیان مافی حوكمڕانیی كورددا ناوە، بەڵام هەوڵی شاردنەوەی ئەو بەڵگەنامانە دراوە و داواجار بە دەستپێشخەریی ئەو بەڵگەنامەكانی لە مەجلیسی حوكم ئاشكرا كرد.

سەرۆك مام جەلال لەو کاتەدا جەختی لەوە كردووەتەوە، عێراق و وڵاتان دانیان بە مافی حوكمڕانیی كورددا ناوە بۆیە پێویست ناكات دەسەڵاتدارانی بەغداد كێشەیان لەگەڵ فیدڕاڵی بۆ كورد هەبێت لە كاتێكدا مافێكی رەوایە.

سەرۆك مام جەلال ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئەرشیفی سەرجەم نامە و بەڵگەنامەكانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق سنووری كوردستان باسکراوە، كە لە چیای حەمرینەوە دەست پێدەكات، سەرەڕای ئەوەشی پێكهاتەكانی دیكە لە كەركوك و كفری و پردێ دەژین، بەڵام لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكان و ئەرشیفی وەزارەتی دەرەوەی عیراقیش جەخت لە كوردستانیبوونی ئەو ناوچانە كراوەتەوە.