حكومەتی هەرێم رەزامەندیدا لەسەر دابەشكردنی زەوی بەسەر 73 هەزار موچەخۆری هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە.

فەرمانگەی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە، ئەو موچەخۆرانەی سوودمەندەبن لە زەوییەكان، 64 هەزار موچەخۆری وەزارەتی ناوخۆ و نۆ هەزار پێشمەرگەن، ناوەكانیان گەڕاوەتەوە شارەوانی هەولێر بۆ وەرگرتنی زەوی.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، هەر فەرمانبەرێك هەشت ‏ساڵ خزمەتی هەبێت، یاخود هەر خانەنشینێك لە كاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت لە وەرگرتنی زەوی، زەوییەكی 200 مەتری پێ دەدرێت، لەسەر بنەمای شوێنی نیشتەجێبوونی و كارتی زانیاری.

رۆژی 27ـی 3ـی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی كە سوودمەندنەبوون لە وەرگرتنی زەوی و لە كۆتاییی مانگی رابردووش، ناوی نزیكەی 200 هەزار فەرمانبەری شارستانی و سەربازی لە وەزارەتی شارەوانییەوە گەڕێنرایەوە شارەوانییەكان بۆ وەرگرتنی زەوی.