بەهۆی سەرما و بەفربارین لە 28 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان پشوو راگەیەنرا
٨ی شوباتی ٢٠٢٥
بەهۆی بەفربارین و شەپۆلی سەرماوە لە 28 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان پشوو راگەیەنرا، كەشناسیش دەڵێت لە هەندێك ناوچە پلەكانی گەرما بۆ 18 پلە ژێر سفر دابەزیوە.
شەپۆلێكی بەفربارین و سەرما سەرجەم پارێزگاكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی گرتووەتەوە و زۆرترین بەفربارینیش لە پارێزگای ورمێ بووە و لە هەندێ شاریش بەفربارین گەیشتووەتە زیاتر لە 50 سانتیمەتر و لە دەرەوەی شارەكانیش بەفربارین لە 80 سانتیمەتر زیاتر بووە.
كەشناسی ئێرانیش رایگەیاندوە، پلەكانی گەرما لە پارێزگای ئەردەبیل بۆ 18 پلەی ژێر سفر دابەزیووە و بەهۆیەوە لە 28 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان پشوو راگەیەنراوە.
بەڕێوبەری مانگی سور و فریاگوزاریی ئێرانیش هۆشداریی داوە كە رێگای سەدان گوند داخراون و پێویستیان بە هاوكاری هەیە و بەهۆی سەرما و بەفربارینەوە هێزەكانیان لە 30 پارێزگا لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.
كۆمپانیای گازی نیشتمانی ئێرانیش داوای لە دانیشتوانی وڵاتەكەی كردوە بەكارهێنانی غاز بە مەبەستی گەرمكردنەوە كەم بكەنەوە و ئەگەری بڕینی غازیش لە هەندێك ناوچەی زۆر سارد و دورەدەست هەیە.