هاتوچۆی سلێمانی چەند رێنماییەکی تایبەت بە شۆفێریکردن لەکاتی بەفرباریندا بڵاوکردەوە وە باس لەوەدەکات، دەبێت خێرایی کەمبکرێتەوە و دووری نێوان ئۆتۆمبێلەکان بپارێزرێت.

هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە، لە کەشوهەوای بەفرباریندا شۆفێریکردن دووهێندە سەخت دەبێت، بۆیە لەسەر پێویستە شۆفێران بۆ سەلامەتی خۆیان و کەسانی دەوروبەریان چەند رێنماییەک جێبەجێ بکەن.

دەقی رێنماییەکان:

1. کەمکردنەوەی خێرایی بۆ ڕادەیەک کە توانای وەستاندنەوەی ئوتومبیلەکەت هەبێت واتە لە ناو شارەکان خێرایی لە 30 بۆ 50 کلم/ کاتژمێرێک و نابێت زیاتر بێت هەروەها بۆ دەرەوەی شارەکان لە 60 کلم یان کەمتر بەگوێرەی بارودۆخی شەقامەکە خێرایی کەم و زیاد دەکەیت.

2. پاراستنی ماوەی سەلامەتی لەنێوان ئوتومبیلەکەی خۆت و ئوتومبیلی بەردەمت، ئەم خاڵە گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە توانای وەستاندنەوەی ئوتومبیل لە بەفر باریندا کەم دەکات بۆیە پێویستە ماوەیەکی دیاریکراوت هەبێت بۆ وەستاندنەوەی ئوتومبیل.

3. ئیشکردنی ڕووناککەرەوە(گڵۆپ)ی نزم و ڕووناککەرەوەی تەم گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە بارینی بەفرو بوونی تەم ڕێژەی بینین کەم دەکاتەوە.

4. دڵنیابوون لەوەی کە ئوتومبیلەکەت کەم و کوڕی نییە و پێویستە بانزینی تەواو لە ئوتومبیلەکەتدا بێت بۆکاتی پێویست و قەرەباڵغی.

5. بوونی بەتانییەک لە ناو ئوتومبیلەکەت بۆکاتی پێویست.

6. نابێت شۆفێر بە شپرزەیی و لەناکاو ئیستۆپ بگرێت بەڵک و بەنەرمی و لەسەرخۆیی.

7. سەردان نەکردنی ناوچە شاخاوییەکان بەهیچ شێوەیەک بەمەبەستی گەشت و بەسەربردنی کات.

8. لەکاتی بوونی حاڵەتی نەخوازراو راستەوخۆ پەیوەندی بکرێت بەلایەنە پەیوەندیدارەکان.