هاتوچۆی سلێمانی هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە و داوا دەکات، نەچنە ناوچە شاخاوییەکان.

هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە، ئاگاداری سەرجەم هاووڵاتیان دەکەنەوە، لە ئێستادا سەردانی ناوچە شاخاوییەکان و ئەو شوێنانەی مەترسی بەستن و شەختەی لێ دەکرێت نەکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە لەپێناو پارێزراوی و دووربوونیان لە گیرخواردن و کارەساتی نەخوازراو، هاووڵاتیان ئەو رێنماییە جێبەجێ بکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، شەپۆلێکی سەرما و بەفربارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی گرتووەتەوە، لە ناویشیاندا لە سلێمانی بەفر لە سەنتەری شاریش دەبارێت.

بەهۆی ئەو کەشوهەوایەوە بەشێکی رێگاکان بەستوویەتی و هەر ئەمڕۆش لەسەر شاخی ئەزمڕ و گۆیژە چەندین ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان گیریان خوارد.