لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی بەشێک لە رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵی مەدەنی و کەسایەتی، ئامارە نا فەرمییەکانی کوشتنی ژنانیان لە ساڵی رابردودا بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ئامارەکانی کوشتنی ژنان ترسناکن و بەردەوامیش لە زیاد بوونان. 

لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا کە راگەیەندراوى ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵی مەدەنی و کەسایەتی تیایدا خوێنرایەوە، ئاماژە بەوە درا، لە ساڵی 2024دا 48 حاڵەتی کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە و تەنیا لە کەمتر لە دوو مانگی ساڵی نوێشدا لە هەرێم 8 ژن کوژراون.

لەو کۆنگرەیەدا، کەمپینى دژ بە کوشتنى ژنان رادەگەیەنراو داواش لە لایەنە بەرپرسیارەکان کرد تاوانبارانی کوشتنی ژنان بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن و دادگایەکی تایبەتمەند بەم پرسە دابمەزرێنرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، ڕێژەی کوشتنی ژنان بە پێی ناوچەکانی باشووری کوردستان بەمشێوەیەیە، 18 حاڵەت لە پارێزگای هەولێر، 13 حاڵەت لە پارێزگای سلێمانی، شەش حاڵەت لە پارێزگای دهۆک، سێ حاڵەت لە پارێزگای کەرکووک، یەک حاڵەت لە ئیدارەی زاخۆ، سێ حاڵەت لە ئیدارەی راپەرین، دوو حاڵەت لە گەرمیان، یەک حاڵەت لە شارۆچکەی کۆیە، یەک حاڵەت شارۆچکەی خورماتوو.

ئەو رێکخراوانەی لە کامپینی دژ بە کوشتنی ژنان بەشدارییان کردووە، ژمارەیان 12 رێکخراوی ژنانەو بریتین لە ، ڕێکخراوی ڕووناکبیری ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان، ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، ڕێکخراوی ئاسوودە، ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خانزاد، ڕێکخراوی ستێپ، ڕێکخراوی سید، سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوی لیانا، ڕێکخراوی دابین، ڕێکخراوی ئاماژە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان.