مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی گەیشتە 12 رۆژ و هێشتا بەردەوامن لە مانگرتن و باس لەوە دەکەن، تاوەکو مافەکانیان بەدەست نەهێنن ئامادە نین مانگرتن بشكێنن.

12 رۆژ بەر لە ئێستا 13 مامۆستا و فەرمانبەر لە سلێمانی رایانگەیاند، دەست دەکەن بە مانگرتن و سەرجەم خواردنەکان لە خۆیان قەدەغە دەکەن و تەنها خواردنەوەکان دەخۆنەوە، ئەمڕۆش سەرەڕای ئەو بەفر و سەرمایەی سلێمانی گرتووەتەوە، هێشتا لە خێمەکەیاندا بەردەوامن لە مانگرتن.

ئەو مانگرتووانە لە سەرەتای مانگرتنەکەیانەوە لەژێڕ چاودێری پزیشکیدان و ماوەی هەفتەیەکیشە چاودێری چڕ دەکرێن و تیمێکی پزیشکی بەردەوام لەلایان جێگیر کراوە.

ناو بە ناوی تەندروستییان زۆر تێکدەچێت و دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام پاش وەرگرتنی چارەسەر لەسەر داوای خۆیان دەگەڕێنرێنەوە بۆ ناو خێمەی مانگرتنەکەیان کە ناوی لێنراوە 'خێمەی شکۆ' لە بناری گۆیژە بەرامبەر بنکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی.

سەرەڕای ئەوەی چەندین بەرپرسی حکومی و حزبی سەردانی کردوون و دوێنێش شاندێکی پەرلەمانی عیراق سەردانی کردن، بەڵام ئەوان سوورن لەسەر مانگرتن و دەڵێن: وەڵامێکی شایستەمان نەدراوەتەوە.

ئەمڕۆش مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆدەبێتەوە و بڕیاریشە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانیان پرسی ئەو 13 مانگرتووە بێت.