رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی: بەهۆی بۆوردومانەکانی تورکیاوە 602 گوندی هەرێم مەترسیان لەسەرە
راهۆز
٨ی شوباتی ٢٠٢٥
لە دوو رۆژدا توركیا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان چەند خانوویەكی گوندنیشینانی لە سنووری ئامێدی تەقاندووەتەوە و سێ گوندی سنووری ئاكرێش بەهۆی مەترسی بۆردومانەكانەوە چۆڵكراون. لێپرسراوی دیسكی مافی مرۆڤ لە رێكخراوی سی پی تی ئەمریكیش رایگەیاندووە، لە هەرێمی کوردستان 602 گوند مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە.
كامەران عوسمان، لێپرسراوی دیسكی مافی مرۆڤ لە رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی لەبارەی چۆڵکردنی سێ گوندی سنووری دینارتە لە دهۆک بڵاوی کردەوە، بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا و مەترسی ئۆپراسیۆنی سەربازی، هاوڵاتیانی گوندەکانی "نپاخێ و بێرکەکورێ و کافیا" لە بناری چیای گارە گوندەکانیان چۆڵکردووە و روویانکردووەتە ئاکرێ و دینارتە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئۆپەراسیۆن و هێرشی داگیرکاری تورکیا لە هەرێمی کوردستان، تا ئێستە 183 گوند چۆڵکراون، 602 گوند لەژێر هەڕەشەی چۆڵکردندان و نزیکەی 400 گوند ناتوانرێت ئاوەدان بکرێنەوە.
ئەمە لەکاتێکدا دێت؛ لە ڕۆژی 4ـی شووباتدا، هێزە ئەمنییەکانی قەزای ئاکرێ، دانیشتووانی هەر سێ گوندی نپاخێ، بێرکەکورێ و کافیایان ئاگادارکردبووەوە، "لە ماوەی سێ رۆژدا گوندەکانیان چۆڵبکەن، ئەگەرنا سەلامەتی گیانیان لەسەر خۆیانە".
ئەم وەرزە، وەرزی سماق بڕین و کاری کشتوکاڵییە بۆ گوند نشینان و هاووڵاتییانی ناوچەکە.