وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن: سبەینێ لە شاری سلێمانی ئەگەری بارینی بەفر و باران هەیە
محەمەد رزگار
٧ی شوباتی ٢٠٢٥
سبەینێ شەپۆلێکی باران بارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنیش بڵاویکردوەتەوە، لەشاری سلێمانی ئەگەری بەفر بارین هەیە.
وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرێت سبەی ڕۆژی شەممە شەپۆلێکی کورت خایەنی باران بارین، لە کاتەکانی بەرەبەیان باکوری رۆژئاوای هەرێم و بەشێک لە ناوچەکانی دەشتی هەولێر و کەرکوک و خورماتوو و بەشێک لە ناوچەکانی گەرمیان بگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو شەپۆلی باران بارینە لە کاتەکانی ئێوارەدا ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجەش دەگرێتەوە.
وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن راشیگەیاندوە، لە هەندێ ناوچە ئەگەری بارینی (تێکەڵەی بەفر و باران) هەیە، بەتایبەت شاری سلێمانی و بەشێک لە ناوچە شاخاویەکانی باکوری رۆژهەڵاتی هەرێم.