فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، خانوی هاووڵاتییەکی مەدەنییان لە گوندی مژێ لە قەزای ئامێدی بۆردوومانکرد

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی رێکخراوی CPTی نێودەوڵەتی رایگەیاند: دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سەعات 3:40 خولەک، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا, بۆردوومانی خانوی هاووڵاتییەکی مەدەنییان لە (گوندی مژێ)ی بەری گارە لە قەزای ئامێدی کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا زیانە گیانییەکانی ئەو بۆردوومانە نەزانراوە.

لە 15ی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی بۆسەر گوندەکانی دەڤەری نهێلێ و بەری گارا و بەشێک لە گوندەکانی بەرواری باڵا دەستپێکردووە، جێی ئاماژەیە گوندەکانی مژێ، کەفنە مژێ، سپیندارێ و گرگاشێ، لەگەڵ دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای تورکیادا لەلایەن دانیشتوانەکەیەوە چۆڵکراون.