وەزارەتی دارایی عیراق موچەی مانگی یەكی موچەخۆرانی رەوانەی هەرێمی كوردستان كرد و  پێدەچێت ئەمڕۆ یان سبەینێ لیستی موچە 
رابگەیەندرێت.

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بە یەك گوژمە بڕی زیاتر لە 958 ملیار و 12 ملیۆن دیناری خستوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم.

راشیگەیاندوە، لەزوترین كاتدا وەزارەتی دارایی دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی یەك دەكات.

دوێنێش وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ بەغداد رێككەووتون و كێشەی موچە چارەسەر كراوە. دڵنیاییشیدا كە ئەو كێشەیەی ماوەی 12 ساڵە بەردەوامە، دووبارە نابێتەوە و چیتر هەواڵی موچە نابێتە مانشێتی رۆژنامەكان.