مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت: پشتیوانێكی راستوڕەوانی هەموو داخوازییەكی رەوای مامۆستایان چین و توێژەكانی .كوردستانین و دیاردەی دواكەوتن و دواخستنی موچە هیچ بیانوویەك هەڵناگرێت

 

دەقی راگەیەنراوەکە...

راگەیەنراوێک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانێکی راستوڕەوانی  هەموو داخوازییەکی رەوای مامۆستایان و هەموو چین و توێژێکی کوردستانە، کە داکۆکی لە موچە و گوزەرانی شەرافەتمەندانە و سەربەرزانەی خۆیان دەکەن، هەر لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانی کۆتایی بە سەفەرەکەی لە ئەمەریکا هێنا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوشار بخاتە سەر حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەری  یەکجارەکی ئەم ئیستحقاقەی  هاووڵاتیان بکات .

وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێمان وایە مانگرتن و چالاکی جۆراوجۆری مەدەنی مامۆستایان و فەرمانبەران  لە پارێزگای سلێمانی، لە پێناو موچە و قوتی منداڵەکانیان و دڵنیایی وەرگرتن لەو بارەیەوە ویستێکی مەدەنی دادپەروەرانەیە،  چونکە دیاردەی دواکەوتن و دواخستنی موچە هیچ بیانوویەک هەڵناگرێت، بەتایبەتی کە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە سەر ئیستحقاقی  موچە روون و ئاشکران  و پێویستە ئەم ئیلتیزامە هاوبەشەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕالی دوور لە دەست شکاندنەوەی سیاسیی جێبەجێبکرێت.

یەکێتیی وێرای داکۆکی  لەم داخوازییە مەدەنیانە و پشتیوانی و شانازی دەکات بەم فەزا ئازادییە شایانەی لە دەڤەرەکە هەیە، تەئکید دەکاتەوە  خەباتی مەدەنی و داخوازی مامۆستایان داخوازییەکی سەرتاسەری کوردستانی و عێراقییە و پێویستە چارەسەرییەکەشی سەرتاسەری بێت و دەربەستییەکی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراقی بە دواوە بێت، هەرگیز رەوا نییە کۆمەڵانی خەڵک لە دڵەڕاوکێی هاتن و نەهاتنی ئیستحقاقێکی هاووڵاتێتی ئاساییەدا بە بارمتە وەربگیرێن.

پێویستە ئەم کێشە لە خوتوخۆڕایی درێژبۆوە بە یەکجاری و لە ریشەوە چارەسەر بکرێت.

مەکتەبی سیاسیی 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان