تائێستا نزیكەی 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر زیاتر لە یەك ملیۆن خێزانی هەرێمی كوردستاندا دابەشكراوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ناوەڕاستی مانگی 9ـی ساڵی رابردووەوە تا 7ـی ئەم مانگە، نزیكەی 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی، بەسەر نزیكەی ملیۆنێك و 248 هەزار خێزانی هەرێمی كوردستاندا دابەشكراوە، كە دەكاتە 88%ـی كۆی نەوتی دابەشكراو و بڕی 200 لیتر نەوتی سپی بە نرخی 104 هەزار دینار بەسەر هەر خێزانێكدا دابەشكراوە و بەشێكی زۆر لە دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەكان و قەزا و ناحییەكان لێی سوودمەندبوون.

پێشتریش، چرۆ حەمەشەریف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاندبوو، لە ئەنجامی هەوڵ و بەدواداچوونەكانیان بۆ دابینكردن نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیكراو بۆ هەرێم، وەزارەتی نەوتی عیراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان، هەر خێزانێكیش لەو نەوتە بڕی 200 لیتری پێدەدرێت، بە نرخی 50 هەزار دینار.