ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت، لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە خشتەی موچەی موچەخۆران بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی ئامادە دەكرێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و بەپێی راگەیەنراوێكیش، گفتوگۆكراوە لەبارەی بەرەوپێشچونەكانی پڕۆژەی بە ئەلیكترۆنیكردنی ناوەندیی خشتەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم ناسراو بە (پرۆژەسیستمی پەیڕۆڵ) كە قۆناغێكی پرۆژەی بایۆمەتریە و لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە خشتەی موچە بە ئەلیكترۆنی ئامادە دەكرێت و بە بێ كەموكوڕی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عیراق دەكرێت.

بەپێی راگەیەنراوەكە، حكومەتی هەرێم ئەرك و پابەندییەكانی جێبەجێكردووە و لە هەوڵەكانیشی لەگەڵ حكومەتی عیراق بەردەوامە بۆ دابینكردنی موچە و شایستە داراییەكانی هەرێم، چاوەڕوانیشن بەغداد تەواوكاریی شایستەی دارایی موچەخۆران بۆ ساڵی 2024 بنێرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، وەزارەتی دارایی هەرێم سەرجەم تێبینیەكانی تەرازوی پێداچوونەوە و لیستەكانی موچەی چارەسەركردوە و لیستی موچەی هەر سێ مانگەكەشی بە تەواوی و بەبێ كەموكوڕیی بۆ وەزارەتی دارایی عیراق ناردووە.