مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال سەردانی دەرهێنەری گەورە و دیاری کورد جەلیل زەنگەنە دەکات
٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە شاری سلێمانی، سەردانی تێکۆشەر و دەرهێنەری گەورە و دیاری کورد، خاوەنی گەورە شاکار و زنجیرە درامای گەردەلوول مامۆستا جەلیل زەنگەنە-یان کرد.
لەو سەردانەدا مەکتەبی سکرتارییەت لە نزیکەوە پەیام و چەپکە گوڵی ریز و وەفای سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی-یان پێشکەشکرد و هیوای سەرکەوتنی هەمیشەییان لە کارە هونەرییەکانیدا بۆ خواست.
مەکتەبی سکرتارییەت لە بەرانبەر کۆشش و داهێنان و خزمەتەکانی لە بواری نواندن و پێشخستنی هونەری درامای کوردی ستایشی رۆڵی مامۆستا جەلیل زەنگەنەیان کرد، کە جگە لەوەی کارەکانی لە خزمەتی گەشەپێدانی هونەری کوردیدا بووە، بگرە توانی لە پاراستنی ئەرشیف و دیکۆمێنتکردنی راستییە مێژوویەکانی بەشێکی شۆڕی نوێی گەلی کورد رۆڵی بەرچاوی هەبێت، بە تایبەت شاکاری گەردەلوول بۆ هەموولایەک مایەی سەربەرزی و ستایشە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو رووەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە چاوی رێزەوە لە بەخششەکانی مامۆستا جەلیل زەنگەنە دەڕوانێت و وەک سەرمایەیەکی بە نرخ سەیری دەکات و چاوەڕوانی کاری باشتر و گەورەتری لێدەکەن .
لە بەرانبەردا مامۆستا جەلیل زەنگەنە وێرای خۆشحاڵبوونی بە سەردان و بەسەرکردنەوەکەی مەکتەبی سکرتارییەت ئاماژەی بەوەکرد، "پاراستنی مێژووی شۆڕشی نوێ لە شێواندن و گەیاندنی راستییەکانی ئەم خەباتە سەختەی گەلەکەمان لەو سەردەم و قۆناغە هەستیارەدا ئەرکی هەموو خاوەن قەڵەم و داهێنەر و دڵسۆزێکە، تا نەهێڵین ئەو رۆژگارە پرشنگدارە لەبیرببرێتەوە و راستییەکانیش وەک خۆی بگەیەنینە خەڵک، هەر ئەوەش وایکرد ئەو هەوڵە هونەرییە بنێم"
هیواشی خواست، تەمەن و ژیان رێگای بدات خەونەکەی بۆ تەواوکردنی گەردەلوول بەدیبهێنێت .



