شارەزایەکی کەشناسیی رایگەیاندووە، لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بەدواوە شەپۆلێکی بەهێزی بەفربارین و سەرما روو لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و هەرێمیش دەگرێتەوە.

هەڤاڵ سدیق شارەزای کەشناسی ئاماژەی بەوەکردووە، پێشبینی دەکرێت لەنێوان ١٨ بۆ ٢٢ی ئەم مانگەدا، بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری زۆر بەهێز لە سیبیریاوە روو لە وڵاتانی، سوریا، ئەردەن، لوبنان، فەڵەستین، میسڕ، باکووری خۆرڵاتی لیبیا، تەواوی ناوچەکانی باکووری سعودیە، تورکیا، عێراق، باکووری کوردستان، رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان بکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکرێت، پلەکانی گەرما دابەزینی بەرچاو بەخۆیانەوە ببینن، بەجۆرێک لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێم بۆ خوار سفری سیلیزی داببەزن.

دەشڵێت، بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەکان، شەپۆلێکی زۆربەهێز و چڕی بەفربارین بەشێکی زۆری ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە ئەگەر شەپۆلەکە گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت و وەک ئێستا جێگیر بێت و بە بەهێزی بمینێتەوە، پێشبینی دەکرێت ٧٠-٨٠٪ی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان سپیپۆش ببێت و ئەگەری هەیە بارستە هەوا ساردەکە زیاتر دابەزێتە ناوچەکانی دیکەی هەرێم، بەشێوەیەک لە سەنتەری شارە گەورەکانی هەرێمی کوردستاندا بەفر ببارێت.