رێکخراو و کۆمەڵەی کوردانی هەرێمی سکۆتڵاند لە بەریتانیا گردبوونەوە، جگەلە بەشداری رێکخراو و کۆمەڵەی کوردان، ژمارەیەک سکۆتلاندی بەشداربوون و داوایان کرد، رێگە نەدرێ تورکیا هەنگاوی کرداری بنێ بۆ سەر کۆبانێ.

رێکخراوی حەڤدەی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەگەڵ هەردوو کۆمەڵەی کوردی لە شارەکانی ئەدمبرە و گلاسگۆ بەشداری گردبوونەوەکە بوون.

ئاوات جەمال ساڵح، بەرپرسی راگەیاندنی رێکخراوی حەڤدەی شوبات رایگەیاند، ئامانجەکە ئەوە بووە، کە لەم رێگەیەوە پەڕلەمانی سکۆتلاند ئاگادار بکرێنەوە لەو هێرشانەی تورکیا و چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە بۆ سەر رۆژئاوا ئەنجامی دەدەن، وە ئەوانیش گوشار بکەن لە حکومەتی تورکیا بۆ وەستانی ئەو هێرش و دەستێوەردانانە.

هەروەها، بەیاننامەیەک بەناوی کوردان، رێکخراو و کۆمەڵەی کوردان پێشکەش کرا، بە زمانی ئینگلیزیش داواکرا، بەریتانیا وەک دەوڵەتێکی گەورە و کاریگەر، رۆڵی گەورەی هەیە ئەمڕۆ لە جیهان دا، رۆڵ بەرکاری خۆی بخاتەگەڕ، بۆ بچڕاندنی مەترسی لەسەر ناوچە کوردییەکان، کە خەڵکی سڤیل تێیدا باجێکی قورس دەدەن.

بەرپرسی راگەیاندنی رێکخراوی حەڤدەی شوبات ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرجەم ئەو گۆڕانکارییانەی کە روو دەدەن، بەریتانیا دەتوانی بەپێی پێگەی خۆی کاریگەری دروست بکات، بە تایبەت لە رێگەی پەڕلەمانەوە، هەروەها لە رێگەی دروستکردنی، رای گشتی لە شەقامی بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا، بۆیە وەک دەبینین لە چەند رۆژی رابردوو، هەر یەک لە وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، هۆڵەندا و فەرەنسا پشتگیری رۆژئاوا یان کردووە.