فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رگەیەنراوێکی لەبارەی جارێکی دیکە درێژکردنەوەی قەدەغەی گەشتی نێوان تورکیا و فڕۆکەخانەی سلێمانی بڵآوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوە بڕیارێکی سیاسییە.

فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە، "درێژکردنەوەی ئابلوقەی ناڕەوای سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ ماوەی شەشی مانگی تر، ئیدانە دەکەین".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم بڕیارە هیچ پاساوێکی یاسایی و هونەری و خزمەتگوزاری و ئەمنی نییە و پێچەوانەی رێککەوتنامە و بنەما نێودەوڵەتییەکانە لە بواری فڕۆکەوانی مەدەنیدا و بڕیارێکی سیاسیە".

ئەوەش هاتووە، "نیگەرانین لەئاست بێدەنگی حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم و داوایان لێدەکەین بەراشکاوی هەڵوێستیان رابگەیەنن و روونی بکەنەوە لەماوەی دوو ساڵدا کە ئابلوقە لەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی سەپێنراوە چ هەنگاوێکیان ناوە، لەکاتێکدا چەند لیژنەیەک لە پەرلەمان و حکومەتەوە لەرابردوودا هاتوونەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و لە راپۆرتەکانیاندا سەلماندوویانە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هیچ گرفتێکی ئەمنی و خزمەتگوزاری و یاسایی نییە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، ٦ی ئەم مانگە، جارێکی دیکە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی تورکیا رایگەیاند، قەدەغەی گەشتی نێوان تورکیا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆماوەی شەش مانگی دیکە درێژ دەکەنەوە.

بۆ یەکەمجار لە ٣ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣دا لەرێگای ئی مەیڵێکەوە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی تورکیا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان وڵاتەکەی و سلێمانی راگەیاند و لەوکاتەدا بیانووی تورکیا بوونی چەکدارانی پەکەکە بوو لە سلێمانی.

قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکان تەنها ئەو گەشتانە نەبوون کە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا ئەنجامدەدران، بەڵکو سەرجەم ئەو گەشتانەشی قەدەغە کرد کە لەنێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و وڵاتانی دیکەدا ئەنجام دەدران و وەستان و گۆڕینی فڕۆکە "ترانزێت"یان لە تورکیادا هەبوو.