بۆ دووەم رۆژ؛ بەهۆی خراپی رێگاوبانەوە دانیشتووانی خەلەکان گردبوونەوە
هەساو ئەمیر
٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک، دانیشتووانی گوندەکانی سنووری ناحیەی خەلەکان گردبوونەوە و شەقامی سەرەکی نێوان دوکان-رانیە'یان بەرووی بارهەڵگرەکاندا داخست.
ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژە دانیشتووانی گوندەکانی ئەو سنوورە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و رێگە بە هاتوچۆی بارهەڵگرەکان نادەن، باس لەوەشدەکەن، بەهۆی خراپی رێگاوبانی سەرەکیی بۆ گوندەکانیان، بە دەیان کەسی نزیکیان لەدەستداوە.
ماوەی چەند ساڵێکە دانیشتووانی ئەو گوندانە ناڕەزایەتی دژی خراپی رێگاوبانەکانیان دەردەبڕن و باس لەوەدەکەن، زۆریی هاتوچۆی بارهەڵگرەکان بەو رێگایەکەدا بووەتە هۆی خراپبوونی رێگاکە و مەترسی بۆسەر گیانی دانیشتووانی ناوچەکە.
دەشڵێن، ساڵانە رووداوی هاتوچۆی سەختی لێروودەدات و بە دەیان کەسی نزیکیان لەو رێگایەدا لەدەستداوە، چەند ساڵیشە داوای چاککردنی رێگاکانی گوندەکەیان دەکەن بەڵام بێ ئەنجامە.
رێگای سەرەکی نێوان دوکان بۆ رانیە، بە یەکێک لە رێگا مەترسیدارەکانی هەرێم دادەنرێت و ساڵانە چەندین رووداوی سەختی هاتوچۆی لێ روو دەدەن، کە هاوڵاتیان بەشێکی هۆکارەکەی بۆ خراپی ئەو رێگایە دەگەڕێننەوە و بەشێکیشی بۆ زۆریی هاتوچۆی بارهەڵگرەکان.



