سەرۆكی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، سزادانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی سیاسییە و حكومەتی عیراق و دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی لێی بێدەنگن.

زەهرە بەچاری، سەرۆكی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، درێژكردنەوەی سزاكانی توركیا بۆ سەر فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی جگە لە زیانەكانی بۆ سەر ئەو پارێزگایە، زیانی بۆ عیراقیش هەیە، بەو پێیەی هەر فڕۆكەیەك بەسەر ئاسمانی سلێمانیدا بفڕێت دەبێت پارە بداتە حكومەتی عیراق.

سەرۆكی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەكان، لەسەر سزاكانی سەر فڕۆكەخانەكە داوای روونكردنەوە لە بەنگین رێكانی، سەرۆكی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عیراق دەكات و داواشی لێ دەكات، بە ئەركی خۆی هەستێت و دەسەڵاتە فیدراڵییەكەی بۆ چارەسەركردنی كێشەی فڕۆكەخانەكە بەكاربهێنێت.