سەرۆك بافڵ: هەموو هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار، دادپەروەر و دەربەست بە خەمی خەڵکەوە
٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی پێشوازیی لە سەید عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کرد.
لەدیدارێکدا كە رەفعەت عەبدوڵا و نزار ئامێدی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بوونەتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی سیاسی دووپاتكرانەوە.
هەر لە دیدارەکەدا هەردوولا پەرۆشبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر بنەمای دەستوور، رێککەوتنە سیاسییەکان و بەردەوامیی گفتوگۆ و لێکتێگەشتنەکان لەنێوان لایەنە بەشداربووەکانی پێکهێنانی حکومەت بۆ دۆزینەوەی دەرچەی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، سەرخستنی بەرنامەی خزمەتگوزاریی حکومەت و پشتگیریکردن لە دامەزراوە دەستوورییەکان.
دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا تەوەرێکیتری دیدارەکە بوون و جەخت لە دوورخستنەوەی وڵات لە ئاڵۆزییەكان کرایەوە بەشێوەیەک هەموولایەنەکان یەک گوتاری هاوبەشیان هەبێت لەپێناو پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ تەواوی پرسەکان هەڵویستی نیشتمانیی یەکێتی خستەڕوو و رایگەیاند، هەموو هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار، دادپەروەر و دەربەست بە خەمی خەڵکەوە. لە هەنگاوەكانیشمان بۆ دوورخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران و شایستەداراییەكانی هەرێمی كوردستانە لە ململانێ سیاسییەكان و دۆزینەوەی چارەسەرێكی هەمیشەیی لەچوارچێوەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بەردەوامین.
پەیوەست بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەرۆک بافڵ وتی، چاودێریی پێشهات و گۆڕانكارییەكان دەكەین و پێشوازیی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەكەین كە ئامانجەكەی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكەیە.




