د. بڕیار رەشید بۆ وەزیری تەندروستی هەرێم: فەرموو با دیبەیت بکەین
٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
د. بڕیار رەشید دووپاتیدەکاتەوە، بەڵگەی پێویستیان سەبارەت بەو گرێبەستەی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ "کۆمپانیایەک" کردوویەتی خستووتەڕوو، کە دژی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانە، داواش لە د. سامان بەرزنجی دەکات دیبەیتی راستەوخۆ بکەن.
د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەمڕۆ بەڵگەی پێویستیان خستەڕوو کە ئەو گرێبەستەی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ "کۆمپانیایەک" کردویەتی دژی سەرجەم بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانە، "چاوەڕوانبوون کە وەزیری تەندروستی پشت بەست بە بڕگەی ٤٤ـی رێکەوتنەکەی کردویانە، ئەو رێکەوتنە هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام سورە لەسەر قسەکانی کە ئەمەی کردویانە کارێکی باشە".
دەشڵێت، "داوا لە وەزیری تەندروستی هەرێم دەکەم مادام دڵنیایە لە قسەکانی فەرموو لە کام کەناڵەی پێی خۆشە دیبەیتێکی ڕاستەوخۆ لەبەردەم خەڵکی کوردستان بکەین و بۆی دەسلمێنین کە چۆن ئەم رێکەوتنەی کە کراوە دژی بەرژەوەندی گشتی و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە و لە داهاتوودا گرفتی گەورە بۆ هاوڵاتیان و سامانی گشتی دروست دەکات".