توركیا بۆ جاری سێیەم قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆماوەی شەش مانگی دیكە درێژ كردەوە.

ئەمڕۆ ٧ی ١ی ٢٠٢٥، کە وادەی قەدەغەی گەشتەئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و فڕۆکەخانەکانی تورکیا تەواو دەبوو، بۆ جاری سێیەم، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی تورکیا قەدەغەی گەشتەکانی بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژ کردەوە.

بۆ یەکەمجار لە ٣ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣دا لەرێگای ئی مەیڵێکەوە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی تورکیا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان وڵاتەکەی و سلێمانی راگەیاند.

قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکان تەنها ئەو گەشتانە نەبوون کە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا ئەنجامدەدران، بەڵکو سەرجەم ئەو گەشتانەشی قەدەغە کرد کە لەنێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و وڵاتانی دیکەدا ئەنجام دەدران و وەستان و گۆڕینی فڕۆکە "ترانزێت"یان لە تورکیادا هەبوو.

لەوکاتەدا بیانووی تورکیا بوونی چەکدارانی پەکەکە بوو لە سنووری سلێمانی، بەڵام ماوەی نزیکەی دوو ساڵە لەسەر یەک، لەگەڵ تەواوبوونی وادەکەی جارێکی دیکە تورکیا قەدەغەی گەشتەکانی درێژ دەکاتەوە.