وەفدی دەم پارتی پەیامەكەی ئۆجەلانی گەیاندە ئاك پارتی و سەعادەت و ئاییندە، رۆژی هەینێش دووبارە سەردانی ئیمراڵی دەکاتەوە. وتەبێژی دەمپارتیش دەڵێت، پێویستە لە تورکیادا واز لە بەکارهێنانی زمانی رەتکردنەوەی کورد بهێنرێت.

وەفدی دەم پارتی بە ئەندامێتی پەروین بوڵدان و سڕی سورەیا ئۆندەر و ئەحمەد تورك، دەستی بە ژمارەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ پارتە سیاسییەكانی توركیا كرد بۆ گەیاندنی پەیامەكەی ئۆجەلان.

ئەمڕۆش وەفدەكە سەردانی پارتی دەسەڵاتدار ئاكپارتی و پارتی سەعادەت و پارتی ئاییندەیان كرد، پێشتریش سەردانی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی مەهەپەیان كردبوو.

دوای كۆبوونەوەكە سری سورەیا ئۆندەر رایگەیاند، لە چوارچێوە كۆبوونەوەكانیاندا  سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووتری هەدەپەش دەكەن لە زیندان و ئەنجامی دیدار و كۆبوونەوەكانیان بڵاودەكەنەوە، بڕیارە لە ١٠ی ئەم مانگەشدا دووبارە سەردانی ئیمرالی بكەنەوە.

لای خۆیەوە ئایشە گول دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی وتی، ئێستا دەبێت مەرجەكانی ئۆجەلان بگۆڕدرێت و هەلومەرجێك دروست بكرێت كە بەشدار بێت لەم قۆناغەدا و بیكاتە رووداوێكی مێژوویی.

جەختی لەوەشكردەوە، پێویستە پەرلەمان بتوانێت بە زووترین كات ئەم ڕۆڵە بگێڕێت و دەستپێشخەری بكات بۆ چارەسەر و واز لە بەكارهێنانی زمانی رەتكردنەوە بهێنرێت بەرامبەر كورد لە توركیا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای ١٠ ساڵ لە رێگریی دەسەڵاتدارانی توركیا، رۆژی ٢٨ی ١٢ی ساڵی رابردوو، رێگە درا وەفدێكی پەرلەمانتارانی پارتی یەكسانی و دیموكراسی 'دەم پارتی' بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بچنە دوورگەی ئیمڕاڵی و لەگەڵیدا کۆببنەوە، کە کۆبوونەوەکەش سێ سەعاتی خایاند.