بڕیاری دەستبەسەردا گرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە
زاهیر
٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
ئۆتۆمبێلێکی بێسەرەتا
بەپێی بەدواداچوونەكانی كوردسات نیوز، ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا بڵاودەكرێنەوە كە گوایە لە بەردەم ماڵەكانیاندا دەستیبەسەردا دەگیرێت، دوورن لە راستی.
رۆژانی رابردوو چەند میدیا و پەیجێك هەواڵێكیان بڵاوكردەوە كە گوایە بەبێ ئاگاداری خاوەنەكانیان و لە بەردەم ماڵەكانیاندا دەستبەسەر ئۆتۆمبێلی بێسەرەتادا دەگیرێت، كوردسات نیوز بەدواداچوونی بۆ ئەو دەنگۆیانە كرد و سەرچاوەیەك لە لیژنە ئەمنییەكانی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، شێواز و بڕیاری چۆنیەتی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە و ئەو دەنگۆیانەی بڵاودەكرێنەوە دوورن لە راستی.
هەروەها سەرچاوەكە بە كوردسات نیوزی راگەیاند، دانانی بازگە كاتییەكانی هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان بەردەوامە و تاكو بڕیارێكی نوێ دەدرێت، نابێت لەسەر شەقامەكان هاتووچۆ بكەن.