ئەمڕۆ دابەشكردنی موچەی مانگی ١١ی ساڵی رابردووی موچەخۆرانی هەرێم دەستیپێكرد و تا ئێستاش چارەنوسی موچەی مانگی ١٢ دیار نییە . 

بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویكردوەتەوە، ئەمرۆ خانەنشینانی شارستانی و پێشمەرگە و كەشوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و خاوەن پێداویستتی تایبەت و زیندانە سیاسییەكان موچە وەردەگرن و موچەی سەرجەم وەزارەتەكانی تریش لە ماوەی سێ رۆژی داهاتوودا دابەش دەكرێت.بەپێی بەدواداچوونەكانی كوردسات نیوزیش، تا ئێستا چارەنوسی موچەی مانگی ١٢ دیار نییە.

هاوكات سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، وەزارەتی دارایی هەرێم دوو رۆژ پێش ئێستا روونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە، بەپێی ئەو روونكردنەوەیە ١٤٨ ملیار دینار كە بەغداد بۆ هەرێمی ناردووە، دیار نییە. هەروەها لە داهاتی ناوخۆش دوو ملیار دینار جیاوازی موچە هەیە.