حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی لەم هەفتەیە بڕیاری لەسەردراوە، سەرەتای هەفتەی داهاتوو راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی یانزە دەکرێت. دەشڵێت، حکومەتی فیدراڵ پێشێلی مافە دەستوریەکانی خەڵکی هەرێم دەکات و ئامادە نییە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بنێرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی لەبارەی موچە بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی لەم هەفتەیە بڕیاری لەسەردراوە، سەرەتای هەفتەی داهاتوو راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی یانزە دەکرێت. 

لەبارەی چارەنووسی موچەی مانگی ١٢شەوە ئەوەی خستووەتە روو، "وەک وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێم سورین لەسەر بەدەستهێنانی موچەی مانگی دوانزە، کە لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە دابینی بکات".

وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە، سەرەڕای مافی دەستووریی و بوونی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هاوکات بوونی تەرخانکراوی پێویست لە خشتەکانی یاسای بودجە بەراورد بەو تەمویلەی وەزارەتی دارایی عێراق ناردوویەتی و رێکكەوتنی نێوان هەردوولا بۆ خەرجکردنی تەواوی موچەی فەرمانبەران تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤، بەڵام حکومەتی فیدراڵ پێشێلی مافە دەستوریەکانی خەڵکی هەرێم دەکات و ئامادە نییە شایستە داراییەکانی هەرێم وەک خۆی بنێرێت.

ئەوەشی خستووەتە روو، لەماوەی چەند مانگی رابردوودا سەرجەم تێبینی و کێشە هونەریەکانی لیستی موچە چارەسەر کراون بۆئەوەی بیانوو بەدەست حکومەتی عیراقەوە نەمێنیت بۆ نەناردن و دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەپێی راپۆرتی هەردوولاش، دەرکەوتووە سەرجەم راپۆرتەکان هاوتای ئەو راپۆرتانەن کە پێشتر مانگانە هەرێمی کوردستان ناردوونی.

ئەوەش هاتووە، سەرەڕای ئەوەی بڕیاردراوە ناردنی مووچەی مانگی ١٢ و کورتهێنانی مانگی ١١ چارەسەر بکرێت، لەگەڵ ئەوەی چەند تەرخانکراوێک لە پشکی هەرێم لە یاسای بودجە هەیە و بەپێی یاسا دەتوانرێت گواستنەوە ( المناقلة )ی پێ بکرێت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە، بەڵام دوای چەندین بڕیار بۆ گواستنەوەی ٤٣٠ ملیار بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی موچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢، بەڵام کێشەی نوێ بۆ جێبەجێکردنی دروست کرا.

 

حکومەتی هەرێم گرفتی مووچە و داهاتی ناوخۆی بەوجۆرە خستووەتە روو:

١کۆی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان لەهەردوو بڕگەی ( تعویضات الموضفین ) و ( الرواتب التقاعدیة و الرعایة الاجتماعیة ) بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بریتیی بووە لە ١١ ترلیۆن و ٥٧٦ ملیار و ٥٢١ ملیۆن و ٣٣٥ هەزار دینار، هەرچەندە پێویستی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی ساڵی ڕابردوو نزیکەی ١٢ ترلیۆن دینار بووە و هەوڵمانداوە لە ڕێی ( المناقلة ) وە ئەو کورتهێنانە پڕ بکەینەوە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بۆ تێکڕای ساڵەکە تەنها ١٠ ترلیۆن و ٧٥٢ ملیار و ٥٨٢ ملیۆن و ٥٥٨ هەزار و ٤٨٠ دینار خەرج کراوە ، بڕی ٨٢٣ ملیار و ٩٣٨ ملیۆن و ٧٧٦ هەزار و ٧٢٠ دینار لە تەرخانکراوی هەرێم بۆ موچە ماوەتەوە و خەرج نەکراوە، حکومەتی فیدراڵی دەیەوێت فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکاتە قوربانی کێشەکانی خۆی و بەبیانووی نەمانی تەرخانکراو و کەمی سیولەی نەقدی ئەمساڵیش موچەیەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەدات.

٢سەبارەت بە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٤، هەندێک کەس و لایەن بە ناشارەزایی قسەی لەسەر دەکەن و کردوویانە بەکەرەستەی مزایەدە، لە مانگی ئایارەوە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەرشێوازی ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن بۆ ماوەی پێنج مانگ دوابەدوای یەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی نێردراوە کەبڕەکەی ٣٩٩ ملیار و ١٦٨ ملیۆن و ٩٦١ هەزار دینار بووە، تاوەکو ئەو کاتەی کورتهێنانی گەورە بۆ دابەشکردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی عێراقەوە دروست کراو بەناچاری بە داهاتی ناوخۆ پڕ کرایەوە. 

لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ تا مانگی تشرینی یەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان بەناچاری نزیکەی ٩٦٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی موچەی ئەو مانگانە تەرخان کردووە کە وەزارەتی دارایی عێراق هەرجارەی بەبیانوویەک بڕیویەتی.                                          ئەوەی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە، بەشی زۆری بۆ خەرجی بەکاربردن بەکارهاتووە کە مانگانە زیاترە لە ١٦٠ ملیار دینار کە بۆ ساڵەکە دەکاتە نزیکەی دوو ترلیۆن دینار، (بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بەهاوڵاتیان وەک خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵا و کارەبا و پاکردنەوە و ئاو و هەموو ئەو سێکتەرانەی خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن). 

ئەوە جگە لە خەرجی ئەو پرۆژانەی حکومەتی هەرێم لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجامی دەدات، کە سەرجەمیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە بەهۆی ئەوەی چەند ساڵێکە حکومەتی فیدراڵی یەک دیناری بۆ پرۆژەکان نەناردووە.

لە مانگی تەموزەوە بڕیاری هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لە هەرێم جێبەجێ کراوە و دادگای فیدراڵی عێراق حکومەتی فیدراڵی پابەند کردووە بەدابینکردنی ئەو شایستەیەی لە هاوتاکردنی موچەکانیان دروست بووە کە مانگانە نزیکەی ٦٠ ملیار دینار تەموویلەکەی زیادی کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق یەک دیناری بۆ خەرج نەکردون و بڕیاری دادگای فیدراڵیان جێبەجێ نەکردووە، ئەو تەموویلە زیادەیە لە داهاتی ناوخۆ دابین کراوە، ئەوە سەرەڕای تەموویلی موچەی مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دوای ئەوەی لە وانەبێژیەوە کران بە گرێبەست کە سەرجەمی موچەکەیان لە داهاتی ناوخۆیە و مانگانە نزیکەی ٢٠ ملیار دینارە.

٣-بۆ موچەی مانگی تشرینی یەکەم وەک وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوای تەموویلکردنی بڕی ٩٩٩ ملیار و ١٢٤ ملیۆن و ٣٢٩ هەزار دینارمان کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ تەنها ملیار و ٢٦٢ ملیۆن دیناری ناردووە، بەو شێوەیەش نزیکەی  ٢٣٩ ملیار دینار کورتهێنانی هەبووە و لەداهاتی ناوخۆ پڕ کراوەتەوە، بۆ موچەی مانگی یانزە بەپێی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە پێویستمان بەنزیکەی یەک ترلیۆن دینار بووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها ٦٣١ ملیار و ٣٣٥ ملیاری ناردووە، بۆ مووچەی مانگی دوانزە پێویستمان بە نزیکەی یەک ترلیۆن دینار بووە بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕیاری لەسەر خەرجکردنی تەنها ٤٤١ ملیار و ٤٩٣ ملیۆن دینار داوە، واتە بۆ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوو وەزارەتی دارایی عێراق لە کۆی سێ ترلیۆن دینار تەنها یەک ترلیۆن و ٨٣٣ ملیار و ٩٠ ملیۆن دیناری ناردووە بەوەش نزیکەی  یەك ترلیۆن و ١٦٧ ملیار دیناری لە تەمویلی مووچەی هەر سێ مانگەکە بڕیوە.