سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی کۆماری بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو منداڵەی کەرکوک، کە شەوی رابردوو بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانەوە لەهۆش خۆی چووبوو و گەیەنرابووە نەخۆشخانە، ئێستا لەناو نەخۆشخانە گیانیلەدەستداوە.

شەوی رابردوو، سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی کۆماری کەرکوک بەکوردسات نیوزی راگەیاند، درەنگانی شەو منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ کە لەهۆشخۆی چووبوو گەیەنرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە، دوای بینینی منداڵەکە لەلایەن کارمەندە تەندروستیەکانەوە بۆیان دەرکەوت لەژێر لێدان و ئەشکەنجە و ئازار منداڵەکە لەهۆشخۆی چووە و بوراوەتەوە.

منداڵەکە هەر لە شەوی رابردووەوە تاوەکو پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش کە گیانیلەدەستداوە، لە ژووری چاودێری چڕدا ماوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەست بەجێ پۆلیسی نەخۆشخانەی کۆماری لە کەرکوک پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.

لە لێکۆڵینەوەکاندا ئەوە دەرکەوتووە منداڵەکە باوکی لە رابردوودا دەستگیرکراوە و دایکیشی جیابووەتەوە، لە گەڕەکی کۆبانی کەرکوک لەلای مام و ئامۆژنێکی ژیاوە.

شەوی رابردوو دوای وەرگرتنی وتەی منداڵەکە، پۆلیسی نەخۆشخانەی کۆماری فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ مامی منداڵەکە دەرکردووە و دەست بەجێ مامەکە دەستگیر کراوە.